بە هێزو مەچەک و شان و سامان و دارایی و کەڵک وەرگرتن لە زانیاریی ڕۆژو هزروبیری پسپۆڕەکانیان، زمان و ئەدەبیان پەروەردەکردوە و سەدان باخەوان و خاوەنداری بەئەمەگیان، بۆ تەرخان کردوە.
ئەوجار پەرژینێکی قایم وقۆڵیان لەدەوری تەنیوە هەتا لەزەبرو زەنگ و کاریگەری، بێگانەدا نەتوێتەوە و وردە وردە،نەمامی باڵای بەەرەو عاسمان، پەل بکێشێ و پێشێل نەکرێ.
بە شەونخوونی، زمان ووشەو ڕستەی خۆیان، بژارو نێو کۆڵ دەکەن و چیلکەوچاڵ و برژیلی لێهەڵداوێرن و شەن و کەوی دەکەن هەتاجوان پاڵافتە بێ و تۆوی سوور، وەدیارکەوێ.
گەلێکی داماوی ناسەقام گیری وەک کورد، سەرەڕای ئەوهەموو نەگبەتی و لەرزۆکی و بێ پشت و پەنایی و نەبوونی سەرمایە و دارایی، تەنیا بۆمانەوە و هەناسە هەڵکێشان، پەلەقاژە دەکا.
ئەگەرچی بەڕۆژی روون، سەدان جار، دەستیان لەقوڕگێ ناوە و پێیان لەسەرسینگی داناوە، بەڵام هەر چاوترسێن نەبوە بەهێزێکی زیاترو ئیرادەیەکی قایمتر، پڕ بەگەروو، هاواری مانەوەی خۆی قاوکردوە.
کورد زمانی خواپێدراو، هەربەهاوارو گوڕەگوڕ، نەوێستاوە. گەرچی دەربەدەرو چۆلگەنشین بوە وگۆشەی ئەشکەوت و ناو ڕەشماڵ و تاوڵ و چیغ و داوێنی کوێستان، هەمیشە جێگەو پێگەی ئەوبوە وجاری وایە بەسەدان گەزو باڵ، لەشارستانیەت و پێشکەوتن دوور بوە بەڵام هەرلەنێو باوەشی ئەوتاوڵ و ڕەشماڵ و ئەشکەوتانەدا، شەونخوونی کێشاوەو کردوونیە کۆلێژو لەهەمبەر کۆشک و تەلارە بەزێڕو زەمبەر ڕازاوەکان، بەربەرەکانی کردوە و شانی لە شانی داون.
وەک چۆن م. هێمن دەڵێ:”
گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لەدەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن”
زۆربەی جاران بەوهەموو نەداری و بەشخوراویە، وەپێش ئەوان کەوتوە کەهیچ، بگرە لەزۆر بواری لێزانی و حیکمەت و بیرکاری و ئەدەبی و پاڵاوانیدا، تۆزی کوردیان نەشکاندوە.
یەکێک لەوئاڵاهەڵگرانەی ئەدەبی کوردی، م .هەژار موکوریانییە.نکۆڵی لەژیانی ناخۆش و سەرلێو لەچەرمەسەری و دەربەدەری و پەڕیوەیی و بەندیخانە و نەخۆشی و ئەو بەڕێزە ناکرێ و کەمتر تاکێکی کورد هەیە کە نەیخوێندبێتەوە یان نەی بیستبێ!
بەڵام کاکە ڕەحمانی شەڕەفکەندی، چۆن بوو کۆت و بەندی هەژاری لەخۆی داماڵی و گەیشتە لووتکەو دۆندی کۆشکی ئەدەب و وتی:” کورد هەرگیز لەژێربەرداشی ناحەزاندا، ناهاڕێ!”
ئەو چۆن سەری هەڵداوە و چی کردوە و چۆن بۆتە شاعیری گەل و سەدان بەسەرهات، وەک سەگی هار، بەربینگیان پێگرتوە و چی نووسیوە و لەپێناو چ بیرکردنەوەیەک، تووشی نەهامەتی و هەندەران بوە بۆ هەموو کەس ڕوونە!
بەڵام سەیرو سەمەرەی ژیانی ئەو مامۆستایە لەوەدایە کە ئەوقەڵەمبازە چۆن ڕوویدا؟ چ بوو کە ئاوارەیی و دەربەدەری و پەڕیوەیی بوو بە پەیژەی سەرکەوتن وبازدان وهەڵفڕین، کە هەژاری وڵات و گەلەکەی نەبوو بە بەربەست.
جێگای سرنجە کە، م. هەژار، لەوپەڕی خۆ بەکەم گریدا بوە. ئەوانی کەهاتووچۆیان لەگەڵ بوە باس دەکەن کە چەندە پیاوێکی ساکارو مێهرەبان و قسەنەستەق و زمان شیرین بوە و هەرگیز خۆی هەڵنەناوەتەوە و بەخۆی نەنازیوە.
ئەوە چ ڕازو نەهێنیێکە کە بەو پەڕی خۆبەکەم گری و بێ قسەی حۆقەو قمبە و پشتیوانی دەسەڵاتداران، بێ چرپەو هەرا دەست دەباتە بەر قەڵەم ودەیکاتە ڕێژنە بارانی بەهارو هەوری نەزۆکی زمان، وەسەربەردێنێ و وەک گۆزەی سەراوژێر، زانیاری و ئەدەب وجوامێری لێدەبارێ و دێمەکاری زمان، دەکاتە بەراوی بە پیت و بەرەکەت؟
هەژار کوڕی گوند و حوجرەو هەژاری و بێ بەرگی و جووتێرییە. دوور لەژیانخۆشی و نازپەروەردەیی و شەقام و بازاڕ، سەری هەڵداوە.
نە بە منداڵی و نەلاوی، ڕۆژێک لەسەرکورسی خوێندنگەو کۆلێژو بنکەی ئەدەبی و کۆشک وتەلاری پاشاکان، پاڵی نەداوەتەوە. لەدەست هیچ مامۆستایەکی بەئەزموون و قەڵەم بەدەست و کۆلێژنشین، بەڵگەی پێنەدراوە.ئەوخۆڕسک و کوردانە، قۆڵی هەڵماڵیون و زەنگاڵ و کاڵەی هەڵبەستوون و فەرەنجی لەشان کردوە و خەنجەری تێکۆشانی وەبەرپشتێن ناوە. بێ نازو دەست بەسەرداهێنان، تەنگی وەبەر خوێندنەوە و شەونخوونی ونووسین، هەڵچنیوە و وەک پاڵەی چاک، ماڵەغانی لێ باداواە.
بەڕێزیان، وەک گەلە بێ نازەکەی، هێمای کوردێکی ڕەسەن و خۆڕسک و پێ پەتییە. دایم لەناو دڵی گوندو شاخ و تەلان و هەڵدێری وڵاتەکەی گل بۆتەوە وبەجێگای مافوورەی ڕەنگین، لەسەر زەوی ڕەق و ڕووتی نیشتمانەکەی درێژ بوە و بەجێگای پاڵدانەوەی پشتی و سەنیری پڕلەتووک و نەرم، پاڵی وەدارەبەن و مازوو و بەردی ڕەق داوە.
بەسەرهاتی ئەو، لەخاسەکەوێکی دەنگ خۆش و قاچ و دەنووک سوورو پەڕو باڵ نەخشین و بێدەسەڵات دەچێ کە دایمە لەژێرچاوی ئەنگێوی ڕاوچی دابێ.
ئەی چۆن خۆی لەو کات و ساتە بەگێچەڵ و ئاژاوە دزیوەتەوە و چۆتە ژوانگەی دڵداری کتێب و قەڵەم. وەک پاڵەوانێک، بەرامبەری فەرهەنگ نووسان و شاعیرانی کۆشک نشین و قەڵەم زێڕین و وەرگێڕانی بەئەزموون و لەکۆلێژ دەرچووی فارس و عەڕەبو توورک وەستاوە، خوا دەزانێ!
ئەو چ ڕازێکە کە لە ململانێ و ڕاپەرێنی ئەودا سەری هەڵداوە کە دایمە فکرو هزری لەتەپین و داوەشان، پاراستوە و بە بێ ترس، وەک نەمامێکی شلک و ناسک، هەر بەرەو عاسمان هەڵچێ.
قەڵەمێکی کزولار، ڕۆڵی دەماچەی کەلەکەی و بوخچەکتێبەکەشی ببێتە بڕنەوی شانی بۆ گۆڕەپانی تێکۆشان!
چۆنە لەوپەڕی بێدەسەڵاتی و بگرەوبێنەو ئاژاوەیەو برسیایەتی و بێ بەرگی دا، کەوڵ و خوانی کتێبی لەپێش خۆی هەڵنەگرتوە و فرمێسکی هەژارانەی وردەوردە، بەسەر روومەتی سپی لاپەڕەکاندا سەمایان کردوە و بەرهەمی بۆکوردستان و مەم و زین و وەرگێڕانی قوڕئانی پێ خوڵقاندوەو خەم و خەفەت و ناسۆری دڵی پێ ساڕێژ کردوون! وەک خواناسێکی شارەزا، لە جەنگە و گۆڵمەزی نیشتمان دۆستی، خواویستیشی لەیاد نەچوە!
مامی ئەدەب، سەلماندی کە زۆر تێزو بیرو ڕای دەروون ناسان و کۆمەڵناسان، لە ئاست ورە و هومێد و نیشتمان دۆستی و بیرو باوەڕی پۆڵایین، پووچەڵن.
ئەگەر ورە، بەرز بێ و باوەڕو نیشتمان دۆستی، بنچکی لە ناخی دڵ چەقاندبێ، هیچ باهۆزو زریانێک، ناتوانێ وەیلاژێنێ و گەمەی پێبکا.
سەرهەڵدانی هەژارێک و بازبازێنی بەسەر شیو ودۆڵ و هەڵدێری تەنگ وچەڵەمەی سرووشتی و دەستکرد و داسەپاو، هێمای گەلێکی دڵقایم و پشت ئەستوورو مەچەک پانە کە بۆ چینی دوای خۆشی دەگوڕێنێ:
“لاوەکان گەورەکچان، نازاران دڵبەران، دڵتەڕەکان، دڵداران
لەناو ئەم گۆڕە هەژار نێژراوە زۆرلەڕێی ئێوە جەفای کێشاوە
توخوا کاتێ کە ئازادی و سەند ڕەگەزی ملهوڕەکان و هەڵقەند
کیژوکۆڕهەرچی بەلاما لادا پێم بڵێ و پایێ بەقەبرم دادا
ئەی هەژار، بەسیەتی مردن هەسته موژدەبێمەوتەنەکەت سەربەستە”
بۆچوونهکان